سەنتەری جینۆساید

  جینۆساید تاوانێکی نێودەوڵەتییە، کەبەشێوەی کۆمەڵکوژی دژ بەگەلێک یان نەتەوەیەک ئەنجامدەدرێت لەژێر پاساوی جۆراو جۆردا.کورد بەدرێژایی مێژوو چەندین جار ڕووبەڕووی جینۆسایدو کۆمەڵکوژی و هەوڵی لەناوبردن بووەتەوە، گەلێک ڕووداو لەمێژووی کورددا ڕوویانداوە کەدەتوانرێت بەجینۆساید ناوببرێن، کەخۆی دەبینێتەوە لە (کیمیاباران و ئەنفال و کۆمەڵکوژیی) لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە.مێژووی دامەزراندنی ئەم سەنتەرە؛ دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2016 کە مۆڵەتی لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی وەرگرتووە، گرنگی دانانی ئەم سەنتەرە لەپەیمانگەی تەکنیکی تایبەت لەکەلار، دەگەڕێتەوە بۆ بایەخدان بە قوربانیانی ئەنفال لەناوچەی گەرمیان دا، کە بەعسی فاشیست بەبێ گوێدانە چین و توێژەکان بەشێوەیەکی دڕندانە کەوتنە گیانی خەڵکی سیڤیل.

ئامانجی ئەم سەنتەرە:

ئامانجى سەنتەرى جینۆساید؛ کارکردنە بە پرسی جینۆساید بەشێوەیەکی ئەکادیمی، هەروەها کاردەکات بە دیکۆمێنت و گەڕان بەدوای چیرۆکە نەبیستراوەکان لەتەواوی سنوورەکە، ساڵانە سەنتەرەکە لەساڵیادەکانی (ئەنفال و کیمیاباران)دا، (مەراسیم و سیمینارو وۆرکشۆپ و کۆنفرانس)ی؛ زانستی تایبەت بەو یادە ڕێکدەخات، بەشێوەیەکی زانستیی و ئەکادیمییانە، ئەمەش لە پێناو زیندو هێشتنەوە و بایەخی زیاترە بە پرسەکە بۆ نەوەکانی داهاتو، تاوەکو لە ڕێگەیەکی زانستییەوە بە پرۆسەکە و چیرۆکەکانی جینۆساید ئاشنا ببن و بۆ هەمیشە زیندو بمێنێتەوە.

   لەماوەی ڕابردوودا سەنتەرى جینۆساید لەسەرەتای دامەزراندنی و بەئێستایشەوە؛ چەندین سیمینارو مەراسیم و وۆرکشۆپى؛ لەساڵیادی بەدناوی ئەنفال سازدا، هەروەها بە ئەرکی خۆی زانی کۆنفرانسێکی زانستی لەسەر پرسی ئەنفال و جینۆساید؛ وەکو یەکەمین کۆنفرانسی زانستى سازبدا لە ساڵی ٢٠١٧

دیدگـــا

دیدگای سەنتەرى جینۆسایدی پەیمانگەی تەکنیکی تایبەت لەکەلار، هەوڵدەدات کاربکات لەسەر زیاتر ناساندنی کەیسی جینۆساید و بایەخدان بە پرسەکە، لە ڕێگەی ئەنجامدانی ڕێکارە ئەکادیمییەکانەوە، بەشێوەیەکی زانستی.